Der Untergang
دوێنێ چوومه سه‌یرکردنی فیلمی Der Untergang. ئه‌مه فیلمێکی ئه‌ڵمانی نوێیه و باسی دوایین رۆژه‌کانی ژیانی هیتله‌ر ده‌کات.
ماوه‌یه‌که ئه‌م فیلمه له سینه‌ماکانی ئه‌ڵمانیا نیشانده‌درێت و بێنه و به‌رده‌یه‌کی باشیشی ناوه‌ته‌وه.
بێجگه له پارت و گرووپه توندڕه‌وه‌کان، که‌سی دیکه له‌م وڵاته به ئاشکرا، به باشی باسی هیتله‌ر و داروده‌سته‌که‌ی ناکه‌ن. هه‌قیشیانه ئه‌و پاڵه‌وانه نه‌ته‌وه‌ییه‌ی بڕیاربوو ته‌واوی دونیایان بخاته ژێرده‌ست، ماڵه‌که‌ی خۆشیانی پێ دۆڕاندن.
به‌ڵام به‌ڕای زۆر که‌س ئه‌م فیلمه لادانێکه له‌و ترادیسیۆنه په‌نجا تا شه‌ست ساڵه‌ی ئه‌ڵمانه‌کان. فیلمه‌که زیاتر باس له چه‌ند رۆژی داویی ته‌مه‌نی هیتله‌ر خۆی و داروده‌سته و کاخه ژێرزه‌مینییه‌که‌ی ده‌کات. هه‌ر بۆیه‌ش هیچ باسێک له قڕکردنی جوله‌که‌کان، کوشتن و به‌کوشتدانی ملیۆنان که‌سی دیکه و خاپوورکردنی زۆربه‌ی ئه‌وروپا و به‌شێکی زۆری روسیا ناکات.
له‌هه‌مووی خۆشتر و له‌هه‌مان کاتدا دڵته‌زێنتر، ئه‌و قسانه‌ی سکرتێره‌که‌ی هیتله‌رن، که له‌کۆتایی فیلمه‌که‌دا نیشان ده‌درێن. دیاره ئه‌و ژنه هێشتا هه‌ر له ژیاندایه و قسه‌کانیشی له چاوپێکه‌وتنێکدا کردوون. ئه‌و ده‌ڵێ به‌هێچ جۆرێک ئاگای له قڕکردنی جوله‌که‌کان نه‌بووه، دواتریش زانیویه‌تی که له‌کاتی کارکردنی ئه‌و له‌وێدا ( له 1942 تا 1945) کاری وا روویانداوه، ئه‌ویش ئه‌و کاته‌ی که په‌یکه‌ری یه‌کێک له قوربانییه‌کان له به‌رلین ده‌بینێت که له ژێرێشیدا به‌رواری رووداوه‌که‌ی نووسراوه.
هه‌رچه‌نده هیتله‌ری پێشه‌وا له فیلمه‌که‌دا هه‌ر قیژه و هاواریه‌تی، به‌ڵام له‌پاڵ ئه‌وه‌شدا وه‌ک مرۆڤێکی خۆشه‌ویست له‌لایه‌ن ده‌وروبه‌ر و خه‌ڵکه‌که‌شیه‌وه وێناده‌کردێت. ئه‌مه سه‌ره‌ڕای سووربوونی له‌سه‌ر بنه‌ما ئایدیۆلۆژیه‌کانیی و له کۆتاییشدا ته‌سلیم نه‌بوونی به دوژمنانی.
ئێمه‌ی کورد و زۆرخه‌ڵکی دیکه‌ش زۆرجاران سه‌دام به هیتله‌ر ده‌چوێنین. به‌ڵام یه‌کێک له‌و شتانه‌ی که زۆریان له‌یه‌ک جیاده‌کاته‌وه ئاکام و کۆتاییه‌کانیانه.